|
به‌رێزه یادی شۆرشگێری كۆمۆنیست
و سیمای خۆراگری نێو سیاچاڵه‌كانی
رژیمی ئیسلامی، هاورێ عه‌لی
ئه‌كبه‌ری سه‌عیدی موباره‌كه
كرێكاری وشیار و كۆمۆنیست هاورێ
عه‌لی كه له ریزی تێكۆشه‌ران و
شۆرشگێرانی كۆمۆنیستدا به نێوی
محه‌ممه‌د ده‌ناسرێته‌وه رۆڵه‌ی
بنه‌ماڵه‌یه‌كی كرێكاری له جنوبی
ئێران بوو كه باوكی له شیركه‌تی
نه‌وتی جنوب كاری ده‌كرد.
ده‌ورانی منداڵی و لاویه‌تی خۆی
له نێو گه‌ره‌كه كرێكارییه‌كانی
شیركه‌تی نه‌وت تێپه‌ر كرد و هه‌ر
له ته‌مه‌نی ١٢ساڵه‌یه‌وه وێڕای
ده‌رس خوێندن بۆ یارمه‌تیدان به
باری بژیوی بنه‌ماڵه‌كه‌یان رووی
كرده بازاری كار و ده‌ستی به‌كار
كردن كرد.
پاش وه‌رگرتنی مه‌دره‌كی دیپلۆم
له شیركه‌ته ساختمانیه‌كانی
جنوب مه‌شغوڵی كار كردن و نه‌قشه
به‌رداری بوو.
حوزوری له نێو كرێكاران و
ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك
كرێكاری وشیار و ماركسیست ئه‌وی
به‌ره‌و لای تێكۆشان و خه‌باتی
چینایه‌تی هاندا.
له كاتی راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری
خه‌ڵكی ئێران له دژی سته‌م و
هه‌ڵاواردنه‌كانی رژیمی
په‌هله‌وی، له ریزی كرێكارانی
وشیار و نارازیدا، یه‌كێك له
چالاكان و هه‌ڵسووڕاوانی
ئیعترازات و خۆپێشاندانه‌كانی
ئه‌م ده‌ورانه بوو.
پاش راپه‌رین به حوزوری له نێو
كرێكارانی بێكار له شاری كه‌ره‌ج
له ئه‌مری رێكخستن و به‌ره‌وپێش
بردنی خواست و داواكاریه‌كانی
ئه‌وان ده‌ور و نه‌قشێكی یه‌كجار
كاریگه‌ری نواند.
ماوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به گروهی
رزگاری زه‌حمه‌تكێشانه‌وه گرت و
له ئاخره‌كانی ساڵی ٥٩دا وێرای
كۆمه‌ڵێكی دیكه له هاورێیانی
به ئیتحادی موبارزانی
كۆمۆنیسته‌وه په‌یوه‌ست بوون.
هه‌ر له سه‌ره‌تاكانی په‌یوه‌ندی
گرتن له‌گه‌ڵ ئیتحادی موبارزان،
توانایی و مه‌سئوولیه‌ت په‌زیری
خۆی له پێناو به‌ره‌وپێش بردنی
تێكۆشانی كۆمۆنیستی له خۆی
نیشاندا و توانی ببێت به
ئه‌ندامی ئه‌و رێكخراوه‌یه.
هاورێ عه‌لی خاوه‌ن گه‌لیك
تایبه‌تمه‌ندی شۆرشگێرانه بوو،
توانایی له بواری رێكخستنه‌كان و
ته‌بلیغی شه‌فافی سیاسه‌ت و
رێبازی كۆمۆنیزم له نێو
جه‌ماوه‌ردا له‌گه‌ڵ مه‌تانه‌ت و
وره‌ی به‌رزی شۆرشگێرانه‌ی ئه‌م
خۆشه‌ویسته سیماێكی جێگای باوه‌ر
و هه‌رگیز له‌بیر نه‌كراوه‌ی له
نێو كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی
پێبه‌خشیبوو.
بۆ به‌رێوه‌بردنی مه‌ئموریه‌تی
ته‌شكیلاتی له شاری ئیسفه‌هان
سازماندرا و پاش ماوه‌یه‌ك وه‌ك
ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ئه‌و شاره
هه‌ڵبژێردرا.
پاییزی ساڵی ٦١ وێرای كۆمه‌ڵێكی
دیكه له هاورێیانی تێكۆشه‌ر له
شاری ئیسفه‌هان به‌ده‌ست هێزه
سه‌ركوتگه‌ره‌كانی رژیمی ئیسلامی
ده‌ستگیر و ره‌وانه‌ی زیندان
كران.
پارێزه‌رانی سه‌رمایه وه‌ك
پێشه‌ی هه‌میشه‌ییان، ئه‌م
ئازیزه‌یان خسته ژێر سه‌خت ترین
ئه‌شكه‌نجه و ئازار و ته‌نانه‌ت
مولاقاتی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه و
ده‌ره‌وه‌ی زیندانی لێ قه‌ده‌غه
كرا.
له مانگی سه‌رماوه‌زی ١٣٦٢دا،
شۆرشگێری كۆمۆنیست و سیمای
خۆراگری نێو زیندان، هاوڕێ عه‌لی
ئه‌كبه‌ری سه‌عیدی موباره‌كه،
ته‌نیا به تاوانی هه‌ڵسووڕان له
نێو كرێكاران بۆ گه‌یشتن به
مافه ره‌واكانیان، به‌ده‌ست
هێزه‌كانی رژیمی ئیسلامی ئێعدام
كرا و به‌ریزی گیانبه‌ختكردوانی
ئازادی و سۆسیالیزم په‌یوه‌ست
بوو.
بژی یادی ئازیز و هه‌میشه
زیندوی. |