|
به‌رز و به‌رێز بێت یادی دایكی شۆرشگێر و زه‌حمه‌تكێش هاورێ
"ئامینه حه‌سه‌نی"
دایه ئامینه حه‌سه‌نی سالی 1315 له ئاوایی "داراوێ" له
به‌شی گه‌وركی سه‌قز چاوی به ژین هه‌ڵێنا. ژیانی ئه‌ویش
هه‌روه‌ك هه‌موو ژنانی زه‌حمه‌تكێشی ئه‌م وڵاته پڕ بوو له
سه‌ختی و مه‌ینه‌تی. سالی 1340 هاوسه‌ری ژیانی له ده‌ست دا و
ئه‌ركی قوورسی به‌خێو كردنی منداله‌كانی كه‌وته ئه‌ستۆ. سالی
1345 كۆچی كرده شاری سه‌قز و بۆ دابین كردنی بژیوی مه‌مره و
مه‌ژی بنه‌ماله‌كه‌ی شه‌و و رۆژ خه‌ریكی كار و هه‌ڵسوران بوو
وه وه‌ك دایكێكی دڵسۆز و فیداكار بۆ په‌روه‌رده كردنی
منداله‌كانی هه‌ولی دا و پێی خوێندن.
له شۆرشی جه‌ماوه‌ری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران له دژی رژیمی شا
هاورێ ئامینه‌ش وه‌ك ژنێكی شۆرشگێر به‌شدرای هه‌بوو.
دوای ده‌س پێكردنی مۆقاومه‌ت له كوردستان كوره‌كه‌ی بوو به
پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه و خۆی وه‌كوو تێكۆشه‌رێكی رێبازی
كۆمه‌ڵه، له شوێنی ژیانیدا خه‌باتی خۆی درێژه پێ دا.
مه‌ئمورینی رژیم هاورێ ئامینه‌یان شناسایی كردبوو وه به
شوێنیه‌وه بوون، هه‌ر بۆیه له سالی 61 به‌ولاوه ناچار بوو
نه‌چێته‌وه مالی خۆیان و سه‌رئه‌نجام له ئاوایی شێخله‌ر
ده‌ستگیر كرا. دوژمن كه به‌ڵگه‌ی زۆری له كار و هه‌ڵسورانی
ته‌شكیلاتی ئه‌و به ده‌سته‌وه بوو ئه‌م خۆشه‌ویسته‌یان خسته
ژێر درندانه‌ترین ئه‌شكه‌نجه‌كانه‌وه، به‌ڵام لێوی رازداری
هاورێ ئامینه هه‌رگیز نه‌كرایه‌وه.
هاورێیان وه‌حیده‌ی وه‌حیدی و مه‌هین عه‌بدۆلا زاده‌یان له
پێش چاوی ئه‌شكه‌نجه ده‌دا، ته‌قه‌یان به سه‌ریدا كرد و له
سلولی سارد و سه‌رمای زستاندا ڕایان ده‌گرت، له‌م ده‌ورانه‌دا
نه‌خۆش كه‌وت و به هۆی نه‌بوونی ده‌وا و ده‌رمان و
خوارده‌مه‌نی چه‌ندین جار بردیانه بێهداری زیندان، دوای حه‌وت
مانگ ئه‌شكه‌نجه و ئازاری بێ به‌زه‌ییانه له زیندانه‌كانی
بۆكان و سه‌قز و سنه، سه‌رئه‌نجام هاورێ ئامینه حه‌سه‌نی
رێكه‌وتی 10ی جۆزه‌ردانی سالی 1362 به هۆی ئه‌زیه‌ت و ئازاری
زۆری سه‌ركوتگه‌رانی رژیمی ئیسلامی و نه‌خۆشی له نه‌خۆشخانه‌ی
ته‌ورێز چاوی لێك نا و گیانی ئازیزی كرده فیدای رزگاری
چه‌وساوه‌كان و سه‌ركه‌وتنی شۆرشی كرێكاران.
یادی هاورێ ئامینه حه‌سه‌نی به‌رێزه و رێگای به‌رده‌وامه. |