خالد باپیری

 
 

تاریخ جانباختن: 1362.05.23

محل و نحوه جانباختن: زندان سقز ـ تیرباران

 

به‌رز و به‌ڕێزبێ یادی دوو  تێكۆشه‌ری كۆمه‌ڵه‌، هاوڕێیان خالیدی باپیری و  باوكی حاجی ڕه‌سوڵی باپیری

 

یادی هاوڕێ خالیدی باپیری و باوكی شۆڕشگێڕی حاجی ڕه‌سوڵی باپیری دوو هه‌لسوراوی دڵسۆز و تێكۆشه‌ری كۆمه‌ڵه‌ بۆ هه‌میشه‌ له‌ ناو دڵی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌دا كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌یانناسن زیندوه‌ و له‌ بیر ناچێته‌وه‌ .

هاوڕێ خالید و حاجی ڕه‌سوڵی باپیری خه‌ڵكی ئاوای (ئاخ جێوان) ی به‌شی (ئاڵه‌ شین) ی ناوچه‌ی بۆكان بوون .

ئه‌م باوك وكوڕه‌ شۆڕشگێڕه‌ هه‌رله‌ سه‌رده‌می ده‌ست پی كردنی هه‌ڵسوڕانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ناوچه‌ی بۆكان و ئاوای (ئاخ جێوان ) هاوكاری نزیك و گه‌رم و گوڕی پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌یان ده‌كرد و له‌ ئاكام دا هه‌ردوكیان بوون به‌ لاینگری كۆمه‌ڵه‌ له‌ مه‌نتقه‌دا .

به‌تایبه‌ت هاوڕێ خالد په‌یوه‌ند و ڕابته‌ی قایمتری له‌گه‌ڵ ته‌شكیلات دامه‌زراند و  تێكۆشانی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆی به‌ره‌و پێش برد .

زه‌حمه‌تكێشانی (ئاخ جێوان ) و ئاوایه‌كانی ده‌ور وبه‌ر له‌بیریانه‌ كه‌ چۆن هاوڕێ خالد له‌ ناو هه‌ر كۆڕو كۆمه‌ڵیكیان دا بیرو باوه‌ڕی كۆمۆنیستی كۆمه‌ڵه‌ی ته‌بلیغ ده‌كرد و بۆ وشیار كردنه‌وه‌یان تێده‌كۆشا.

له‌بیریانه‌ كه‌ چۆن دڵسۆزانه‌ خه‌به‌رنامه‌و نووسراوه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی له‌ نیویاندا بڵاو ده‌كرده‌وه‌ و بۆی ده‌خوێندنه‌وه‌. تێكۆشانی هاوڕێ خالد ته‌نیا به‌ ئاوایه‌كه‌ی خۆیان مه‌حدوود نه‌ده‌بوه‌وه‌و ، به‌ڵكو به‌ سه‌رما و گه‌رما هات و چۆی ئاوایه‌كانی ده‌ورو به‌ری ده‌كرد ، نمونه‌ی ئه‌و فه‌عالیه‌ته‌ به‌نرخانه‌ی ، رێكخستنی مه‌راسیمی ڕۆژی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ساڵی ١٣٦٠ دا بوو كه‌ له‌ ئاوایی (كول ته‌په‌ ) ی (قورمیش ) به‌ڕێوه‌ چوو .

هاوڕێ خالد له‌م مه‌راسیمه‌دا په‌یامی لاینگران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشی ئاوایه‌كه‌ی خۆیانی خوێنده‌وه‌. حاجی ره‌سوڵ یش وه‌ك هه‌ر ئینسانێكی شه‌ریف و ئازادیخواز هه‌ڵسوڵانی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆی له‌ ناو كۆمه‌ڵانی زه‌حمه‌تكێش دا درێژه‌ پێ ده‌داو له‌ سیاسه‌ت وئامانجه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ دفاعی ده‌كرد و هه‌موو زه‌حمه‌تكێشانی بو لاینگری كردن له‌م سیاسه‌ت و ئامانجه‌ بانگه‌واز ده‌كرد .

ئه‌م باوك و كوڕه‌ شۆڕشگێڕه‌ به‌ هۆی فه‌عالیه‌تی دڵسۆزانه‌ و شۆڕشگێرانه‌یان له‌ نێو خه‌ڵكی ناوچه‌دا ناسراو و خۆشه‌ویست بوون وهه‌مووان به‌ ڕێزو ئیحترامه‌وه‌ چاویان لێ ده‌كردن .

هاوڕێ خالد له‌ ئاخر مانگی زستانی ساڵی ٦٠و حاجی ڕه‌سوڵی باوكیشی له‌ به‌هاری ساڵی ٦١دا به‌ تاوانی لایه‌نگری له‌ كۆمه‌ڵه‌ و هه‌ڵسووڕانی شۆڕشگێڕانه‌ ، به‌ده‌ست جه‌نایتكارانی ڕژێم گیران و له‌ زیندانی سه‌قز زیندانی كران .

ئه‌م دوو هاوڕێ شۆڕشگێڕه‌مان ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێك له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ و ئه‌زێت و ئازاری جه‌لادانی ڕژێم دا بوون ، به‌ڵام جه‌نایتكارانی ڕژێم هه‌تا ئاخرین ساتی ژیانی ئه‌م دوو شۆڕشگێڕه‌ ، نه‌یانتوانی وره‌ی به‌رز و ئیراده‌ی قایمیان تێك بشكێنن .

سه‌رئه‌نجام به‌ره‌ به‌یانی ڕۆژی ٢٣ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٦٢ هاوڕێ خالدی باپیری و حاجی ڕه‌سوڵی باپیری له‌ زیندانی سه‌قز به‌ده‌ست جه‌لادانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئیعدام كران و له‌كاتی ئیعدام كردنی شیاندا هه‌ر دوكیان به‌ ده‌م شیعاری (بژی كۆمه‌ڵه‌وه‌ دڵیان له‌ لێدان كه‌وت .

یادی خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌م باوك وكوڕه‌ شۆڕشگێڕه‌ له‌گه‌ڵ یادو بیره‌وه‌ری هه‌موو تێكۆشه‌رێكی ڕێگای ڕزگاری چینی كرێكار به‌ درێژه‌ پێ دانی ڕێگایان ڕێز لێده‌گرین .