ئەحمەدی ئەمیری ناسراو بە ( صادق چاو کاڵ )

 
 

کاتی گیان به خت کردن: رۆژی ١٢ ی رەزبەری ساڵی ١٣٦٩

شوینی گیان به خت کردن: ئیعدام کردنی لە لایەن رژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامییەوە بە بنەماڵەکەی رادەگەیینن ، سەرەرای هەوڵی زوری بنەماڵەکەی تائیستایش شوێنی گڵکۆکەی نەزاندراوە

 

 

 

 بەریز بێت یادی هاورێ ئەحمەدی ئەمیری ناسراو بە ( صادق چاو کاڵ ) پێشمەرگەی کۆمەڵە وسیمای خۆراگری سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی

هاورێ ئەحمەد ساڵی ١٣٤٢ هەتاوی لە شاری سنە چاوی بە ژین هەڵهیناوە ، هەر لەو شارە دەورەی سەرەتایی خوێندنی تەواو کردووە ، پاشان بۆ دریژەدان بە خوێندن دەچیتە شاری ئیسفەهان . لە گەڵ دەسپێکردنی خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی ئیران لە دژی رژیمی دیکتاتوری شا ، دەگەرێتەوە بۆ شاری سنە .

هاورێ ئەحمەد لەو دەورەیەدا وەک زوربەی لاوانی کوردوستان لە گەڵ مەسایلی سیاسی ئاشنا دەبێت و هەڵسوراوانە لە متینگ وخۆپیشاندانەکانی شاری سنە بەشداری دەکات و لەدرێژەی خەبات وتێکۆشانێدا پیوەندی بە جەمعیەتی دیفاع لە ئازادی وئینقلاب دەکات و وەک یەکیک لە هەڵسوراوانی ئەو بنکەیە ئەرک و وەزایفی خٶی بەرێوە دەبات  و هاوکات لە گەڵ هاورییانی کۆمەڵە ئاشنا دەبێت و تێکۆشانی خۆی بەکۆمەڵەوە گرێدەدا وبەو پەری تواناوە لە بڵاوکردنەوەی سیاسەت وئامانجەکانی کۆمەڵە تێدەکۆشی .

پاش داگیرکردنی شاری سنە لە لایەن هیزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شار دەمێنیتەوە وبە شێوەی نهێنی دریژە بە خەباتی شۆرشگێرانەی خۆی دەدات .

هاورێ صادق لەو دەورەیەدا بە لێزانی چەندین پیلانی بەکرێگیراوانی بۆ دەسگیرکردنی پوچەڵ کردەوە و لە هەڵسورانی هاورییانی ناو شار دا دەوریکی بەرچاوی گیرا . سەر ئەنجام کاتیک نەیتوانی دریژە بە کار وتێکۆشانی خۆی لە ناو شاردا بدات ، زستانی ساڵی ١٣٦١ بە ریزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە پەیوەست بوو .

هاورێ صادق وەک هەڵسوراویکی سیاسی بە ئەزمون لە ماوەیەکی کورتدا توانی ببیتە یەکیک لە هاورییانی جێگەی متمانە و پاڵپشت بۆ ئەو واحیدەی تیدا سازمان درابووو گەلیک مەسئولیەتی سەکەوتوانە بەرێوەبرد و لە مەدرەسەی حێزبی بەشداری کرد ولە گۆفاری پێشرەو مەسئولییەتی پی سپیردرا .

هاوری صادق لە درێژەی کاری شٶرشگیرانەیدا ، ساڵی ١٣٦٥ دەچیتە شاری ئیسفەهان ولەوی هەڵسوراوانە لە نیو کرێکاراندا دەست دەداتە کار وتێکۆشانی سیاسی ، ساڵی ١٣٦٧ لەلایەن بەکرێگێراوانی رژیمەوە دەسگیر ورەوانەی زیندان دەکریت و پاش چەند مانگ ئەشکەنجە وئازاری وەحشیانە لە فورسەتیک کەڵک وەر دەگرێت و خۆی لە دەستی زیندانبانەکانی دەرباز دەکات و دەگەرێتەوە بۆ شاری سنە و لەوی لە ماڵی یەکێک لە خزمەکانی خۆی دەشارێتەوە ، پاش سارێژبونەوەی برێنەکانی و نە مانی ئاسەواری ئەشکەنجە لە کاتێکدا کە دەوێست لە شار بیتەدەر لە لایەن بەکرێگێراوانی رژیمەوە دەسگێر دەکرێت .

بە داخەوە پاش چەند مانگ ئەشکەنجە وئازار لە زیندانەکانی سنە ، ورمی ، تاران و ئیسفەهان ، رۆژی ١٢ ی رەزبەری ساڵی ١٣٦٩ هەتاوی هەواڵی ئیعدام کردنی لە لایەن رژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامییەوە بە بنەماڵەکەی رادەگەیینن ، سەرەرای هەوڵی زوری بنەماڵەکەی تائیستایش شوێنی گڵکۆکەی نەزاندراوە .

یادی ئازیزی بۆ هەمیشە زیندووە