By A Web Design

حادثه گردان شوان

 له‌ رۆژی (25)ی ره‌شه‌مه‌دا، واته‌ مانگی ئه‌سفه‌ند هاورێیانی کومه له ئاگاداربوون كه‌ جه‌بهه‌كانی شه‌رِ جموجۆڵی تازه‌ی تێكه‌وتووه‌ و له‌وانه‌یه‌ له‌م جه‌بهه‌یه‌دا شه‌رێكی قورس به‌رێوه‌ بێ. كۆمیته‌ی ناوچه‌ی سنه‌ی كۆمه‌ڵه‌ برِیاریدا كه‌ ئه‌و هێزه‌ی كه‌ له‌ ئاوایی بیاره‌ جێگیر بوو پاشه‌كشه‌ بكات. ئاوایی بیاره‌ یه‌كێك له‌و ئاواییه‌ سنووریانه‌ بوو كه‌ دیاریكرابوو بۆئه‌وه‌ی گوردانی شوان یه‌كێك له‌ گوردانه‌كانی سه‌ر به‌ناوچه‌ی سنه‌ بۆ حه‌سانه‌وه‌ و پشتی جه‌بهه‌ی خۆیان له‌وێ كه‌ڵك وه‌ر بگرن. 

هاورێ شۆكێ خه‌یرئابادی فه‌رمانده‌ی گوردان بوو. دوو رێگا بۆ پاشه‌كشه‌ هه‌بوو، رێگایه‌كیان به‌ ناوه‌راستی جه‌بهه‌كاندا تێپه‌رده‌بوو كه‌ناوچه‌ی كوێستانی سورێن بوو، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ هێزی دوژمن ته‌نرا بوو، رێگه‌یه‌كی پرِ مه‌ترسی بوو. هه‌ر ئه‌وكات هێزێكی حزبی دیموكرات به‌ رێنوێنی و هاوكاری هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی توانیبویان له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌رباز بن. ئێستاش به‌ وردی نه‌زانراوه‌ كه‌ هۆی چی بوو هێزه‌كه‌ی ئێمه‌ ئه‌و كات نه‌یتوانی له‌و هاوكاریه‌ به‌هره‌مه‌ند بێ. رێگایه‌كی دیكه‌ش رێگای ده‌شتایی بوو كه‌ رێگای ده‌شتایی ئه‌گه‌رچی به‌ رواڵه‌ت ئه‌مین تر ده‌كه‌وته‌ به‌رچاو، به‌ڵام ئه‌ویش له‌به‌رده‌م نووكی هێرشی هێزه‌كانی رژێمی ئێراندا بوو. هاورێیانی ئێمه‌ رێگای ده‌شتاییان هه‌ڵبژارد و هاتن به‌ره‌و لای ئاواییه‌ك به‌ناوی عه‌نه‌ب، كه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئاواییه‌، ئاگاداربوون،كه‌ هێرشه‌كه‌ به‌ربڵاوتر بووه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێشبینی ده‌كرا و له‌ هێرشێكی كوت و پرِدا هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌هاوكاری هێزه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی به‌شێكی زۆر له‌ ناوچه‌كه‌یان گرتبوو و پردی ئه‌سلی رێگای پاشه‌كشه‌، كه‌ سه‌ید سادقی به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، پردی زه‌لمَ، وێرانكرابوو. به‌ رووخانی ئه‌و پرده‌ رێگایه‌ك نه‌ده‌ما غه‌یری ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان بپه‌رِنه‌وه‌. هێزێكی یه‌كجار زۆری ئه‌رته‌شی عێراق له‌و ناوچه‌یه‌ بڵاو ببۆوه‌ و هاورێیانی ئێمه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن كه‌ پردێكی مۆه‌قه‌ت له‌ شوێنێكی چۆمی سیروانه‌وه‌ لێبدرێ و ئه‌وانیش بتوانن كه‌ڵكی لێوه‌ربگرن. هه‌ر بۆیه‌ مه‌سیره‌كه‌ی خۆیان درێژه‌ ده‌ده‌ن به‌و هیوایه‌ی كه‌ رێگایه‌ك بۆ پاشه‌كشه‌ بكرێته‌وه‌، دێن به‌ره‌و شارۆچكه‌یه‌ك به‌ "ناوی سیروان" یان "دۆجه‌یله‌" كاتێك ئاگادار ده‌بن كه‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ش شه‌رِی تێدایه‌ و هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی خۆیان گه‌یاندۆته‌ ئه‌و شوێنه‌ش ناچار ده‌بن بچنه‌ ناو شارۆچكه‌كه‌ و له‌وێش به‌نهێنی له‌ چه‌ند ماڵدا خۆیان بشارنه‌وه‌ تاده‌رفه‌تێكی باشتر بۆ ده‌ربازبوون بدۆزنه‌وه‌...

به‌یانی تا ئێواره‌ ده‌مێننه‌وه‌ و له‌ چه‌ند ماڵدا خۆیان حه‌شار ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و مانه‌وه‌یان هاوكاته‌ له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ بۆمبارانی شیمایی ده‌كرێ و به‌شێك له‌ گاز و ژه‌هرێك كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ بڵاو ببۆوه‌، روو له‌ ناو شارۆچكه‌ی سیروانیش ده‌كا و هاورێیانی ئێمه‌ش ژاراوی ده‌بن، به‌شێكیان به‌ تووندی و به‌شێكیان به‌ سووكی. له‌ لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوچه‌وه‌ به‌ بیسیم په‌یوه‌ندییان پێوه‌ ده‌كرێ و رێنوێنی ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بێن به‌ره‌و شوێنێك له‌ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان تاله‌وێوه‌ به‌به‌له‌م بپه‌رِێنه‌وه‌، ئه‌م هاورێیانه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌له‌ناوچه‌كه‌دا شه‌رِبوو ناچار ده‌بن راوه‌ستن تا ئێواره‌ كه‌ كه‌مێك هه‌وا تاریك ده‌بێ به‌ره‌و ده‌ریاچه‌ وه‌رێكه‌ون. رێگای شارۆچكه‌ی سیروان تا ده‌گاته‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ قه‌رار بوو له‌وێ كاری په‌رینه‌وه‌كه‌یان رێكبخرێ، نزیكه‌ی دوو سه‌عاته‌، به‌ڵام ئه‌وان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كه‌م مه‌سمووم بوون، دووهه‌میش رێگاكه‌ شاره‌زا نه‌بوون، ئه‌م رێگا دوو سه‌عاته‌یان به‌ (7) سه‌عات برِی و سه‌رئه‌نجامیش نه‌یانتوانی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ لێواری ده‌ریاچه‌كه‌ و ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ قه‌رار بوو به‌له‌مه‌كانی ئێمه‌ بچنه‌ ئه‌وێ. 

له‌م به‌ری ده‌ریاچه‌كه‌وه‌ گوردانێكی تری ناوچه‌ی سنه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ هاورێیان په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ عێراق له‌سه‌رلێواری ئاوه‌كه‌ چووبوون به‌ هانایانه‌وه‌ و هه‌وڵیانده‌دا كه‌پێویستییه‌كانی ده‌ربازبوونیان بۆ ئاماده‌كه‌ن، هاورێیانی به‌رپرس برِیارده‌ده‌ن كه‌ به‌له‌مێك بنێرنه‌ ئه‌وبه‌ر به‌كه‌سی شاره‌زاوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی رێنوێنی یان كه‌ن و بیانگه‌یه‌ننه‌ لێواری ده‌ریاچه‌كه‌ و بیانهێنن. ته‌نیا نزیكه‌ی (20) ده‌قیقه‌ یان نیو سه‌عاتیان مه‌ودا مابوو كه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ سه‌ر لێواری ئاوه‌كه‌ كه‌ به‌هۆى تاریكی بۆیان نه‌ده‌دۆزراوه‌. (5) پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌له‌مێكدا به‌ره‌و ئه‌وبه‌ری ئاوه‌كه‌ رێده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌و فاسله‌یه‌دا هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی خۆیان گه‌یاندبووه‌ لێواری ده‌ریاچه‌كه‌ و ئاگاداری نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌له‌مه‌ ده‌بن. پێش ئه‌وه‌ی كه‌ به‌له‌م بگاته‌ قه‌راغ ئاوه‌كه‌، ته‌قه‌ی لێده‌كه‌ن و (4) هاورێ سه‌رنشینی به‌له‌مه‌كه‌ گیانبه‌خت ده‌كه‌ن و یه‌ك كه‌سیان به‌ دیلی ده‌گیرێ. كاتێك روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌كاری ئه‌م به‌له‌مه‌ به‌ ئاكام نه‌گه‌یشتووه‌ و ئیمكانی ئه‌وه‌ی كه‌ هاورێكانمان خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ قه‌راغ ئاوه‌كه‌ ته‌ئمین نه‌بووه‌،
دیسان هه‌وڵده‌ده‌ن كه‌ جاریكی دیكه‌ رێنماییان بكه‌ن و له‌ رێگای بێسیمه‌وه‌ به‌شكه‌م ئاماده‌یان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ شوێنێكی تر له‌ قه‌راغ ئاو، (10) به‌له‌م له‌مبه‌ر ئاوه‌وه‌ بۆ عه‌مه‌لیاتی په‌رینه‌وه‌یان ئاماده‌ده‌كرێ. هێزی یارمه‌تیده‌ر ئاماده‌ ده‌بێ تا به‌ ته‌قه‌كردن رێگای په‌رینه‌وه‌ی هاورێیان خۆشكات، له‌وكاته‌دا هاورێ شۆكێ خه‌یر ئابادی به‌ بێ سیم فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌وبه‌ری ئاو ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌شێك له‌هێزه‌كانمان له‌گه‌لڕ دوژمن ده‌رگیر بوون. ئه‌و ده‌رگیرییه‌ ماوه‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێ، دوای ماوه‌ی نیو سه‌عاتێك، ره‌نگه‌ كه‌متر یان زۆرتر، په‌یوه‌ندی له‌گه‌لڕ فه‌رمانده‌ی گوردان قه‌تع ده‌بێ. به‌مجۆره‌یه‌ كه‌ ئیتر ئاخرین وته‌كانی هاورێیانی فه‌رمانده‌ی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ر به‌ یه‌كه‌وه‌ ره‌د و به‌ده‌ڵ ده‌كرێن دوای ئه‌وه‌ ئیتر هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك به‌ گوردانی شوانه‌وه‌ نامێنێ. 

رووداوه‌كان كه‌م كه‌م و به‌ پێی زه‌مان روون بوونه‌وه‌. هاورێیانمان كه‌ ناتوانن بگه‌نه‌ سه‌ر لێواری ده‌ریاچه‌كه‌ء شه‌و ده‌بێ و به‌تاریكی رێگا وون ده‌كه‌ن. له‌ ناو زۆنگ ئاوه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا خۆیان حه‌شار ده‌ده‌ن و له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆریان مه‌سمووم ده‌بن و توانای شه‌رِكردنیان زۆر كه‌مده‌بێته‌وه‌، هێزه‌كانی رژێمیش ده‌زانن كه‌ به‌له‌مێكی ئێمه‌ په‌ریوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وبه‌ر خه‌ریكی به‌رنامه‌یه‌كه‌، به‌وه‌ په‌یده‌به‌ن كه‌ ده‌بێ واحیدێكی ئێمه‌له‌و ناوچه‌یه‌دا گیری خواردبێ، بۆیه‌ هێزێكی یه‌كجار زۆری بۆ كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و شوێنه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی گه‌مارۆده‌ده‌ن. 

 هاورێیانی ئێمه‌ زۆر دلێرانه‌ مۆقاومه‌ت ده‌كه‌ن تا ئاخرین فیشه‌كیان و تا ئاخرین هه‌ناسه‌یان تسلیمی دوژمن نابن. مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی كه‌ برینداربوون و ئیتر هیچ توانای شه‌رِكردنیان نه‌مابوو (12) كه‌سیان به‌ ئه‌سیری ده‌گیرێن و به‌برینداری ده‌بردرێنه‌ شاری سنه‌ و دوای ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازارێكی زۆر (11) كه‌سیان ئێعدام ده‌كرێن. دوو هاورێش له‌ناوچه‌كه‌ ده‌رباز ده‌بن و ماوه‌یه‌ك دواتر خۆیان ده‌گه‌یێننه‌ ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و باقییه‌كه‌یان له‌مه‌یدانی شه‌رِه‌كه‌دا گیانیانبه‌خت ده‌كه‌ن و ته‌رمه‌كانیشیان تا ماوه‌یه‌كی زۆر هه‌ر له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌. دواجار له‌ فورسه‌تێكی تر كه‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌مین بۆوه‌، ته‌رمه‌كانیان راگواستران بۆ شوێنێكی تایبه‌ت به‌ گیانبه‌خت كردووانی كۆمه‌ڵه‌ كه‌ له‌ سلێمانی ته‌رتیب كرابوو. 

ئه‌م رووداوه‌ گه‌لێك دڵته‌زێن بوو، هاورێیانی ئێمه‌ به‌درێژایی شه‌رِی ئێران و عێراق زۆر هه‌وڵیاندا، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خۆیان له‌ئاگری ئه‌و شه‌رِه‌ بپارێزن. مه‌یدانه‌كانی شه‌رِكێشرابووه‌ كوردستان و ئێمه‌ هه‌ولمان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌رِی خۆمان له‌گه‌لڕ كۆماری ئیسلامی سه‌ربه‌خۆ له‌و شه‌رِه‌ به‌رِێوه‌به‌رین و به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌یلی خۆمان به‌داخه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ له‌و شوێنه‌ كه‌وتینه‌داوی شه‌رِی ئێران و عێراق. به‌ڵام ئه‌مه‌ كاره‌ساتێك نه‌بوو هه‌ر به‌ته‌نیا بۆ ئێمه‌، به‌ڵكو كاره‌ساتێك بوو كه‌ به‌ هه‌زاران ئینسانی دیكه‌ش گیانیان تێیدا له‌ده‌ستدابوو. به‌مجۆره‌ خوێنی تێكۆشه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ش تێكه‌ڵ به‌خوێنی خه‌ڵكی لێ قه‌وماوی هه‌ڵه‌بجه‌ بوو.

 


 

یادی 23 ساڵه‌ی بومبارانی شیمیایی حه‌له‌بچه و گیانبه‌خت كردنی گیانبه‌ختكردوانی گوردانی شوان


 

 

رێپورتاژێك له‌ رێوره‌سمی كۆتایی نوێژه‌ن كردنه‌وه‌ی گڵكۆی گیانبه‌ختكردوانی گوردانی شوان


 

له‌ یادی  23 مین  سالی گیانبه‌خت كردنی هاورێیانی گوردانی شوان (کلن ـ آلمان) 2011


 

رێپورتاژیك له‌ ساڵیادی گیانبه‌ختكردوانی گوردانی شوان (سلێمانی)


 

به یاد رفقای گردان شوان (صالج گویلی)

...................................................................................

هاوڕێیانی گوردانی شوان